}

كاتی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رای جیاوازی لێدەكەوێتەوە

عیراق 07:37 PM - 2021-11-23

پرسی وادەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق رای جیاوازییان لەسەرەو كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش جەختیكردۆتەوە هەفتەی داهاتوو ئەنجامەكان رادەگەیەنرێت و لای خۆشیانەوە بەشێك لە شرۆڤەكارو چاودێران تەئكیدیان كردۆتەوە كە كۆمسیۆن ناتوانێت بەمزوانە ئەنجامەكان رابگەیەنێت.
تا ئێستاش رێكارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان جۆرێك لەشپرزەییان پێوەدیارە
لەو بارەیەوە، هاشم ئەلكیندی شرۆڤەكاری سیاسی تایبەت بە PUKmediaی راگەیاند: چەندین جار كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وادەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیان بڵاوكردۆتەوە ئەوەش بەشێكە لەو شپرزەییەی كە بەڕێكارەكانی كۆمسیۆنە دیارە، لەو رۆژەوەی هەڵبژاردنەكان بەڕێوەچووە تاوەكو ئێستا كۆمسیۆن بەردەوامیی بەوە شپرزەییانەی ئەدا.  
راشیگەیاند: ئەو كێشەیەش واتا فرە وادەیی دوای ئەوە هات كە كۆمسیۆن پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ ژمارەیەك لەسندوق و بنكەكانی هەڵبژاردن ئەنجامداو دەركەوت ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێشێلكاری و ساختەكارییان تێدا كراوە.
ئەو بڕیارانەی لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكانەوە دەرچوون ئەرێنین
لەوبارەیەشەوە، ئەحمەد خدر چاودێری سیاسی لەمیانی لێدوانێكی تایبەتدا لەگەڵ PUKmedia رایگەیاند: دەستەی دادوەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەدوای ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی ژمارەیەك وێستگەو بنكەی دەنگدان ژمارەیەك بڕیاری دەركرد، كۆمسیۆنیش نزیكە لەوەی كۆتایی بەو رێكارانە بهێنێت و واشی بۆدەچم چەند رۆژێكی تر ئەو رێكارانە كۆتایی پێبێت.
راشیگەیاند: دەستەی دادەوەری بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی دەریكردووە توانیویەتی زۆربەی تانەكان چارەسەر بكات و لەو بڕوایەشدام كۆمسیۆن لەهەفتەی داهاتوودا دوای ئەنجامدانی ئەو رێكارانە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنێت.

كۆمسیۆن دەيەوێت وادەكە درێژبكاتەوە
هاشم ئەلكیندی شرۆڤەكاری سیاسی جەختدەكاتەوە كۆمسیۆن لەهەوڵی ئەوەدایە ماوەی راگەیاندنی ئەنجامەكان درێژ بكاتەوە ئەوەش دوای ئاشكرابوونی چەندین راستی و بەڵگەی تەواو لەسەر ئەو پێشێلكاری و ساختەكارییانەی لەهەڵبژاردنەكاندا روویانداوەو بەشێكی زۆری ئەو لایەنانەشی كە پشتگیرییان لەرێكارەكانی كۆمسیۆن دەكرد لەهەڵوێستەكانیان پەشیمان بوونەتەوە.  
راشیگەیاند: هەروەها كۆمسیۆن رووبەڕووی ژمارەیەك لایەن بوەوە كە لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناڕازی بوون و تەواوی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیان رەتدەكردەوەو هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد كە پەنا بۆ نێوەندە دەوڵەتییەكان دەبەن یاخود لە تەواوی پرۆسەی سیاسی لەعیراق دەكشێنەوە.

تەنها رێگەیەك كە لەبەردەم لایەنە شكستخواردوەكان داننانە بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان
لەو بارەیەوە، ئەحمەد خدر چاودێری سیاسی رایگەیاند: تەنها رێگەیەك كەلەبەردەم لایەنە شكستخواردوەكاندا مابێت داننانە بەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ئەو لایەنانە داوای ئەوەیان دەكرد كە پەنا ببرێتە بەر دەستەی دادوەری بۆئەوەی دووبارە ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ  ژمارەیەك ناوەندی دەنگدان بكرێتەوە.
راشیگەیاند: دەستەی دادوەریش لەبەر رۆشنایی ئەو تانانەی كە لایەنە ناڕازی و زەرەرمەندەكان پێشكەشیان كردووە بڕیاریدا ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ ژمارەیەك ناوەندی دەنگدان و وێستگە بكرێت و هەروەها ئەنجامی دەنگەكانی ژمارەیەك وێستگەشی هەڵوەشاندەوە.
كۆمسیۆن دەیەوێت ئەنجامی ئێستای هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنێت
لەو بارەیەشەوە، هاشم ئەلكیندی شرۆڤەكاری سیاسی جەختیكردەوە كۆمسیۆن بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێیكەوتووە هەوڵ ئەدات بەردەوامی بەماوەی راگەیاندنی ئەنجامەكان بدات و گەرەكیشێتی لەسەر ئەم ئەنجامانەی ئێستا بمێنێتەوە بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە.
روونیشی كردەوە، ئەو رێكارانەی كە بەمدواییە كۆمسیۆن ئەنجامیدابوو بەس نییەو ئەو هەوڵانەشی دەیدات بۆ تێپەڕاندنی ئەو شتانەی لەهەڵبژاردنەكاندا روویاندا سەركەوتوو نابێت، چونكە لایەنە ناڕازییەكان رۆژانە بەڵگەی بڕواپێكراوو سەلمێنەر دەردەخەن لەبارەی ئەو پێشێلكاری و ساختەكارییانەی لەهەڵبژاردنەكاندا روویانداوە.

هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لەدەستی پەرلەمانی داهاتوودایە
لەو بارەیەشەوە، ئەحمەد خدر چاودێری سیاسی تەئكیدی كردەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یاخود دووبارەكردنەوەی پرۆسەكە تەنها لەدەستی پەرلەمانی داهاتوودایەو پەرلەمانی داهاتوو دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەوە بدات، پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوەو هەموو رێكارێكی یاسایی بگرێتەبەرو پاشان بڕیاریان لەبارەوە بدات.
راشیگەیاند: بەگوێرەی رای زۆربەی شارەزایان و یاساناسان و پسپۆڕانی بواری دەستوور، بڕیاری یەكەم و كۆتایی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان یاخود دووبارەكردنەوەی پرۆسەكە لە لای ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دەبێت.
ئەنجامەكان وا بەزوویی راناگەیەنرێت
لەو بارەیەشەوە، هشام ئەلكیندی شرۆڤەكاری سیاسی بەدووری زانی لەو وادەیەی كۆمسیۆن رایگەیاندووە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنرێت و وتیشی: بەدووری دەزانم كۆمسیۆن بتوانێت لەهەفتەی داهاتوودا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنێت. راشیگەیاند: چەندین بنكەی دەنگدان لەبەردەم كۆمسیۆندا ماوە كە پێویستە جارێكی دیكە ئەژماركردنەوەی دەستییان بۆ بكرێتەوەو بۆیە تا ئێستاش چەندین رێكاری دیكە لەبەردەم كۆمسیۆندا ماوە كە بیگرێتەبەر لەپێناو یەكلایی كردنەوەی تانە پێشكەشكراوەكان.
PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket