}

قوباد تاڵه‌بانی: داوای لێبوردن له‌خوێندكارانی زانكۆ ده‌‌كه‌‌ین

کوردستان 07:07 PM - 2021-11-28

له‌میانی به‌شداریكردنیدا له‌كۆنفرانسی یه‌كسانی جێنده‌ری و ستراتیژی هێزی ژنان، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌‌یاند: سورم له‌سه‌ر ئه‌و دروشمه‌ كه‌ به‌ر له‌دوو ساڵ رامگه‌یاند و ده‌یڵێمه‌وه‌ (پیاو به‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان رابگره‌!). 

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌وتارێكیدا كه‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 28ی 11ی 2021، له‌كۆنفرانسی یه‌كسانیی جێنده‌ری و ستراتیژی هێزی ژنان پێشكه‌شی كرد، رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر تێگه‌یشتنمان بۆ واقعی كۆمه‌ڵایه‌تی و فیكری باوی كۆمه‌ڵگای كوردی نه‌بێ، نه‌ له‌هۆكاری كێشه‌كان تێده‌گه‌ین و نه‌ توانای چاره‌سه‌ركردنیمان ده‌بێت، بۆیه‌ له‌م رۆژه‌دا سورم له‌سه‌ر ئه‌و دروشمه‌ كه‌ به‌ر له‌دوو ساڵ رامگه‌یاند و ده‌یڵێمه‌وه‌ (پیاو به‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر ژنان رابگره‌!).

له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژانی رابردووی سلێمانی و شاره‌كانی تر و برینداربوونی كچانی زانكۆ، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند: ئه‌و شێره‌ كچانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بریندارنه‌بوون كه‌ كچن و ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌توندوتیژی دژی ژنانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ برینداربوون كه‌ خۆپیشانده‌ربوون، وتیشی" كچانی زانكۆی سلێمانی سه‌لماندیان كه‌ له‌پێناو داواكارییه‌كانیان هیچ جیاوازییه‌كان له‌گه‌ڵ كوڕانی زانكۆ نییه‌".

له‌باره‌ی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤیدیۆی سوكایه‌تیكردن به‌ئاڵای پیرۆزی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند: به‌ر له‌وه‌ی خوێندكارانی پێ تۆمه‌تبار بكه‌ین و هێنده‌ی تر توڕه‌یان بكه‌ین، ده‌بوو له‌راستی و دروستی ڤیدیۆكه‌ بكۆڵینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نه‌ك ته‌نها به‌سه‌ر حكومه‌ت، به‌ڵكو به‌سه‌ر په‌رله‌مانیش تێپه‌ڕی، وتیشی: بچوكترین شت كه‌ بتوانین ئێستا بیكه‌ین، داوای لێبوردنه‌ له‌خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی و سه‌رجه‌م زانكۆكانی تر كه‌ له‌خۆپیشاندانه‌كاندا له‌ئێمه‌ومانان زیاتر شانازییان به‌ ئاڵاكه‌یانه‌وه‌ كردووه‌. بۆیه‌‌ داوای لێبوردنیان لێده‌‌كه‌‌ین.

قوباد تاڵه‌بانی به‌ئاماده‌بووانی كۆنفرانسه‌كه‌ی راگه‌یاند: ئێوه‌ باش ده‌زانن باوه‌ڕم به‌ مافی ژنان به‌تایبه‌ت و مه‌سه‌له‌ی یه‌كسانی جێنده‌ری هه‌یه‌ و بۆی ده‌كۆشم، به‌ڵام پێویسته‌ روانینی كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و پرسه‌ هه‌ستیارانه‌ بگۆڕین كه‌ره‌گ و ریشه‌ی مێژوویی و كلتوریی داكوتاوه‌، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ئیراده‌ی سیاسیی و كاری ده‌سته‌ جه‌معی هه‌یه‌، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ بابه‌تی یه‌كسانی جێنده‌ری و نه‌هێشتنی توندوتیژی خێزانی له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردی.

له‌كۆتایی وتاره‌كه‌یدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گرتنه‌به‌ری شێوازه‌كانی راهێنان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی به‌گرنگ زانی بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندیدارن به‌م بابه‌ته‌وه‌، وتیشی : ده‌بێ له‌شته‌ بچوكه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین تا ده‌گاته‌ بابه‌تی كوشتنی ژنێك له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و به‌ده‌نگی به‌رز به‌ بكوژ بڵێین “هیچ شه‌ره‌فێك له‌ ژن كوشتندا نییه‌.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket