}

هەرێم، هۆکارەکانی کزبوونی بازاری ئۆتۆمبێل ئاشکرادەکرێت

کوردستان 11:15 PM - 2022-01-16

لەگەڵ زۆری ژمارە ئۆتۆمبێل و زیادبوونی كۆمپانیاكانی كڕین‌و فرۆشتن، كەچی كاسبكارانی ئۆتۆمبێل رایدەگەیەنن ئەوان بازاڕیان بەرەو كزی و لاوازی دەچێت، بەتایبەتی دوای زنجیرەیەك بڕیار‌و رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وایكرد ئەو بازرگانیە گەورەیەی  پێشتر لە بواری ئۆتۆمبێل لە هەرێم  هەبوو  بۆ شارەكانی دیكەی عیراق بگوزارێتەوە.
ئەحمەد كەریم وەك یەكێك لە خاوەن كۆمپانیاكانی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر بە   PUKmedia ی راگەیاند:  لە دوای ساڵی 2003 و نەمانی گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراق، رێژەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل لە سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخیلی عیراق بوون، ئەمەش وایكرد كوردستان بە تایبەتی شاری هەولێر ببێتە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی ئۆتۆمبێل.
خاوەنی ئەو كۆمپانیایە وتیشی:  هاوڵاتیانی زۆربەی شارەكانی ناوەراست و باشووری عیراق  بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل روویان لە شارەكان كوردستان دەكرد، بەو پێیەی تێچووی  تابلۆ و بەناوكرد لە كوردستان لە شارەكانی دیكە باشتربوو ‌و بازرگانان زیاتر سوودیان لە هەرێم وەردەگرت.
 ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە خەڵكی  ناوچەكانی دیكەی عیراق، هاوكات خەڵكی هەرێمی كوردستانیش سوودمەندبوون و هاوڵاتیكی زۆر وەك كاسبیان لە بوای كڕین و فرۆشتنی تۆئۆتۆبێل دەكرد، بەڵام دوای دەركردنی چەندین بڕیار و رێنمایی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وایكرد ئەو بازرگانیە گرنگە لە هەرێم لاواز بێت بەرەو كزی بچێت وەك ئێستا دەیبینین.
 مەحەمەد زاهیر وەك ئابووریناسێك بە هەمانشێوە باس لە هۆكاری كزبوونی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل  دەكات و رایگەیاند: ئەگەر حكومەت بیەوێ هەلی كار بۆ هاوڵاتیان بڕەخسێنێ، پێویستە گرنگی بە كەرتی تایبەت بدات، بەتایبەتی بوارەكانی زەوی و خانوبەرەو ئۆتۆمبێل، بۆیە  هەر بڕیارێكی ناڕاست لەو بوارانە  لەلایەن حكومەتەوە بدرێت بەزیان بۆ هاوڵاتیان تەواو دەبێت.
وتیشی: هەندێك بڕیاڕو رێنمایی لە بواری ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان دەرچوو، بەتایبەتی ئەوەی دوایی،  كە پەیوەندی بە  بەئەلكتڕۆنی كردنی گرێبەستی كڕین و فرۆشتنەوە هەیە، ئەوانە وایكرد كاریگەری لە سەر جموجولی بازرگانی ئۆتۆمبێل هەبێت، هەر بۆیە  خاوەن کۆمپانیاو كارەكانی ئەو بوارە هەرزوو  گردبونەوە و خۆپشاندانیان ئەنجامداوەو  داوای پێداچونەوەیان كرد.
پێشیوابوو: ئەوەی تاكو ئێستا  دەركەوتووە حكومەتی هەرێم بەتایبەتی لە رێگای وەزارەتەكانی  وەزارەتی ناوخۆ و دارایی‌و  بازرگانی  پێداچونەوەیان بەزۆربەی ئەو بڕیار و رێنماییانەكردوە كە لە بواری ئۆتۆمبێل دەریانكردوە، ئەمەش دەریدەخات  كە بڕیار و رێنماییەكان بەپەلە دەكراوە‌و وەكو پێویست پرس‌و ڕا بە كەسانی شارەزا‌و ئەهلی كارەكە  نەكراوە،  هەموو ئەوانیش زیانی بە كەرتی تایبت و بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل گەیاندووە.

PUKmedia تەها عەبدوڵا - هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket