}

قوباد تاڵەبانی: سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئارامی بۆ ناو یەكێتی گەڕاندەوە

کوردستان 10:29 AM - 2022-05-28

 

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی لەدەستپێكردنی دیداری یەكێتیدا كە لەسلێمانی بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند: دیداری یەكێتی دەبێتە نزیكبوونەوەی یەكێتی لە جەماوەر، چونكە زۆر كەس پێیانوابوو دوای مام جەلال یەكێتی بەرگەی سەختییەكان ناگرێت، بەڵام یەكێتی نەڕووخاو لەسەر پێی خۆی ڕاوەستا، بۆیە هەر كەسێك پێی وایە یەكێتی لەبەردەم رووخاندایە خەیاڵی خاوە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: یەكێتی دەبێتەوە بەو هێزەی دەتوانێت تەقلە بە فیل لێبدات، چونكە خەڵك چاوەڕێیە یەكێتی داهێنەرو پێشەنگبێت و كۆتایی بەبڕیاری تاكڕەوانە بێنێت بۆیە ڕەخنەی لێدەگیرێت، یەكێتی تەنها حزبە رەخنە دەگرێت و هەم رەخنەش قبوڵدەكات.

وتیشی: دیداری یەكێتی پرۆسەیەكە كە خەڵك بێ بەرامبەر و بەویستی خۆیان بەشداریان تێدا كردووە، بۆیە سوپاسی ئەو هەڵوێستانەیان دەكەین.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند: بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیمان ئارامی بۆ ناو حزب بگەڕێنینەوە و پێداچوونەوە بۆ سیاسەتی حزبەكەمان بكەین، هاوكات پێویستیشە داڕشتنێكی راستگۆیانە بۆ حزبەكەمان بكەین و یەكێتی باشتر و بەهێزتركەین چونكە، سەرەڕای جیابوونەوەی كۆمەڵێك سەركردە لە یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی لەسەر پێی خۆی بووەستێت.
جەختیشی كردەوە، دەبێت دیداری یەكێتی، یەكێتی زیاتر بەرێتە ناو جەماوەرەوە.

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەكێتی راشیگەیاند: سەرەتای دامەزراندنی حزبی یەكێتی لە چایخانەیەكدا دەستیپێكرد، دواتر كۆبوونەوەیەك لە بەرلین بۆ داڕشتنی سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سیاسەت و روئیاكانی حیزبەكەمان و ستراتیژی یەكێتی ئەنجامدرا، ئەو دانیشتنە لە رێكەوتی 29-5-1975 بوو كە سبەی یادی ئەو رۆژەیە، دوای 47 ساڵ بۆ هەمان مەبەست دانیشتووینەتەوە بۆ داڕشتنەوەی دید و روئیایەكی سەردەمیانە بۆ حزبەكەمان و گەیاندنی پەیامێكی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاكسازی.

راشیگەیاند: دیداری یەكێتی دەبێتە مایەی نزیكتربوونەوەی یەكێتی لە جەماوەرەكەی، زۆر جار دەبیستم لەلایەن هەڤاڵە تیكۆشەرەكانمانەوە دەوترێت دۆخی حزبەكەمان خراپە، ئێمەشدەڵین  بەلێ باودۆخی كوردستان بە گشتی خراپە و یەكێتی روبەڕووی زۆرشت بووەتەوە لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، با بیهێنەمەوە يادتان خوا لێخۆشبوو كاك نەوشیروان كە كەسی  دووەمی یەكێتی بوو و كەسێكی كاریگەر و خاوەن وەزن و خاوەن كاریزما بوو، خۆی و پۆلێك كەسی نێو یەكێتی توانیان حزبێكی نوێ دروست بكەن بەناوی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەمەش زیانێكی زۆری بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیاند، بەڵام نەڕوخاین و لەسەر پێی خۆمان ماینەوە لە ساڵی 2012 دا سەرۆك و رابەری حزبەكەمان سەرۆك مام جەلال نەخۆش كەوت و لە سیاسەت دووركەوتەوە، هەموو وایاندەزانی یەكێتی دەڕوخێت و بەرگە ناگرێت، بەڵام نەڕوخاین و لەسەر پێی خۆمان وەستاین، لە ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان روبەڕووی كێشەی گەورەی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و نێوخۆی و نێودەوڵەتی بووەوە و داعش بەرۆكی گرتین و مەترسی كەوتە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان، هاوكات ناڕەزایەتی لە هەرێم گەشتە ئەوپەری بەرزی و خۆپێشاندان و مانگرتن و بایكۆت و فشاری مامۆستایان دەستیپێكرد ئەمانە هەمووی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی بوو بەڵام هەر ماینەوە و نەڕوخاین.

دواتر لە ساڵی  2017  بە ئەنجامدانی ریفراندۆم و روداوەكانی دوایی ریفراندۆم نەیارەكانمان وتیان یەكێتی هەڵناسێتەوە و لەهەمان كات و هەمان ساڵ  كۆچكردنی سەرۆكەكەمان هەڤاڵ مام جەلال بوو بەڵام، یەكێتی هەر مایەوە و لە دوای كۆچی مام جەلال چەند هەڤاڵێك ریزی حزبی یەكێتیان جێهێشت و جیابوونەوە، دواتر هێرۆ خان و كۆسرەت رەسوڵ كە دوو كەسایەتی كاریگەری ناو حزبەكەمان بوون نەخۆش كەوتن و دووركەوتنەوە لەسیاسەت، بەڵام یەكێتی بەردەوام بوو و نەوەستا.

هەروەها پاش كۆنگرە بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بوون بەڵام كێشەی دیكە سەریان هەڵدا و ئەوەی یەكێتی لەسەر پێ هێشتۆتەوە جەماوەرەكەی و لایەنگرانییەتی.

هاوكات پێویستە ئەم دیدارە یەكێتی بگەڕێینێتەوە نێو جەماوەرەكەی چونكە،  ئەم دیدارە بۆ خۆ دەرخستن نییە بەڵكو بۆ چاكسازییە، چونكە هەر یەكێتییە دەتوانێت چاكسازی لە كوردستان بكات سەركردایەتی ئەم میلەتە بكات، ئەوە یەكێتییە دەتوانێت سەنگی كوردستان لە عیراق رابگرێت.

PUKmedia تايبەت

 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket