}

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی: كاندیدمان بۆ پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم دەبێت

کوردستان 10:56 AM - 2022-05-28

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەدیداری یەكێتی رایگەیاند: ئەم دیدارە تەواوكەری كۆنگرەیە، بەهۆی ئەوەی ماوەی چەند ساڵێك بوو كۆنگرە نەكرابوو، بەكۆنگرەیەكیش هەموو كێشەكانی یەكێتی چارەسەر نابێت،ئەگەر باشترین كۆنگرەش بكرایە پێویستمان بەم دیدارە دەبوو.
وتیشی: پێویستە یەكێتی بكرێتەوە بەیەكێتیەكەی مام جەلال و یەكێتی ئێمە، پێویستمان بەوەیە كە گەنجان و ژنان و چەند لایەنێكی تر خوێنی یەكێتی تازە بكەینەوە ئەوەش بەهاوكاری هاوڕێ دێرینەكانمان دەبێت.
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راشیگەیاند: زیاتر لە 31 سەعات و نیو لەگەڵ گەنجەكانی كوردستان كۆبوونەوەم كردوە كە بۆ خۆپیشاندانیان دەكرد، دواتر پرسیاری ئەوەملێكردن بۆ تائێستا خۆپیشاندانتان نەكردوە، كاتێكیش لەگەڵ نوێنەری خوێندكارانی خۆپیشاندەری زانكۆو پەیمانگاكان كۆبوومەوە شەرمم دەكرد كە لەحكومەتێكین ئەو خوێندكارانە بەو شێوەی پشتگوێ دەخات.
ئەوەشی وت: گەنجانی ئێمە زۆر زیرەكن و دەبێت ئومێدیان بۆ بگەڕێنینەوە، چونكە ئەوەی هەمانە نە نەوتە نە غازە، بەڵكو گەنجان سەرمایەی ئێمەن، بۆیە دەبێت گەنجان بەوەڕازی نەبن كە هەیە، ئەوان دەتوانن دۆخەكە بگۆڕن، ئێمە گلەیی و رەخنەمان لەحكومەت هەیە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەبەشێكی تری گفتوگۆكەیدا لەبارەی هەڵبژاردن و كۆمسیۆن وتی:  هەموو خەڵكی كوردستان و حزبەكان، رەنگە حزبێك یان دوو حزب بەجۆری حكومڕان رازای نەبن، وەك یەكێتی ئەمڕۆ سیاسەتی خۆمان هەیە، پاشكۆی هیچ لایەن و حزبێك نابین، هاوڕێكانمان بەجێناهێڵین و لەگەڵ لایەنەكان كۆبوونەوەمان كردوە بەپارتی دیموركراتی كوردستانیشەوە، زۆرینەی لایەنەكان بۆچونیان وەك ئێمەیەك،  پێویستە چەترێكی وا دروستبكەین و كارێكی وای بۆ بكەین كە لەم هەڵبژاردنە گۆڕانكاری راستەقینە لەحكومڕانی كوردستان بكەین.
لەبارەی كۆبوونەوەی لایەنەكانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكانیش وتی: نەتەوەیەكگرتوەكان نیگەرانە لەوەی لایەنە كوردییەكان پێكەوەنین، لەبارەی هەڵبژاردنەوە باسمان لەكۆمسیۆن و بازنەكان و یاسای هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیەكان و كەمایەتی و كۆتاكان كرد، راستە یەكەم كۆبوونەوە بوو، بەڵام دوا كۆبوونەوەش نابێت و 9-6 كۆبوونەوەیەكی تر دەكرێت، ئامانجمان ئەوەیە بۆچونەكان نزیك ببنەوەو تا گۆڕانكاری جدی لەكۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن بكەین و لەهەڵبژاردن باڵانسی هێز راستبكەینەوە.
لەبارەی ئەوەی یەكێتی لەبەغدا لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان ئیمزای لەسەر هیچ رێككەوتنێك كردوە یان نا، وتی: حزبێكی كوردی رێككەوتنێكی كردوە، زۆرجار پرسیار لەئێمە دەكرێت، ئاگادارن یان نا، دەتان توانی بەشێك بن، ئاگامان لێی بوو، بواری ئەوەش هەبوو بەشداربین تێیدا، بەڵام نەمانكردوەو بەوجۆرەش نایكەین، بابەتەكە مەلەسەی سەرۆك كۆمار نیە، مەسەلە ئەوەیە پرەنسیپێك هەیە، وەك یەكێتی پێمانوایە هەڵەیەكی ستراتیجییە ببینە بەشێك لەكێشەی ناوخۆی برا شیعەو سوننەكان، دەبێت قسەی خێری تێدا بكەین و كار بۆ نزیككردنەوەی ئەو لایەنانە بكەین، ئەو رێككەوتنەش هیچی تێدا نەبوو بۆ كوردستان باشبێت.
وتی: ئەو رێككەوتنەی لایەنێكی كوردی لەگەڵ لایەنێكی شیعەو سوننەكان كردویەتی هیچی بۆ كوردو كوردستان تێدا نیە، بەهیچ شێوەیەك باسی پێشمەرگەو مووچە نەكراوە، بەهیچ شێوەیەك باسی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان نەكراوە لەو رێككەوتنە.
وتیشی: پێش ئەوەی لەگەڵ پارتی بچین بۆ بەغدا، تیمەكەی كاك قوباد رەشنوسێكیان ئامادەكردبوو كە 22 خاڵ بوو، بۆ خەڵكی كوردستان شتی زۆری تێدا بوو، بەڵام لایەنێكی تر چوەتە بەغداو ئەو رێككەوتنەی كرد كە بۆ كورد هیچی تێدا نەبوو، دەبێت ئێمە لایەنەكان لەگەڵ یەكتر كۆبكەینەوە نەك جیای بكەینەوە، سیاسەتی یەكێتی دروستەو لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش سەركەوتوو دەبین.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا لەدیداری یەكێتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر مام جەلال لێرەبوایە كێشەكانی چۆن چارەسەر دەكرد، وتی: ئەگەر مام جەلال لێر بوایە بەهیچ شێوەیەك نەدەگەیشتینە ئەمڕۆو ئەم دۆخە، ئەو هەمیشە هاوڕێكانی كۆدەكردەوەو بەسیاسیەتی چەپكە گوڵەكە كێشەكانی چارەسەر دەكرد.
لەبارەی پارچەكانی تری كوردستانیشەوە، وتی: یەكێتی نیشتمانیی كوردستان داش عیراقی تێدا نیە،ئامادەیی یارمەتی و هاوكاری براكانمانین لەهەر چوارپارچەكەی كوردستان، دەبێت سیاسەتەكە بگۆڕێت و لەعەقلیەتی زۆرنی زەروو سەوز بێینە دەرەوەو ببینە خاوەنی 45 ملیۆن كوردو دەبێت لەهەرچوارپارچەی كوردستان سیاسیەت بكەین، بۆیە بەبرایانمان لەهەر چوارپارچەی كوردستان دەڵێین جێتان ناهێیڵن و هەركاتێك پێویستان بەهاوكاری بوو هاوكارتان دەبین.
لەبارەی دۆسیەی نەوت و غازیش رایگەیاند: رازی نیم لەو سیاسەت و سیستمەی بۆ نەوت لەكوردستان بەكاردەهێنرێت، ئەوەی تێگەیشتوم لەسیاسیەتی حكومەتی هەرێم بۆ نەوت ئەوەیە كە نزیكەی 60%ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی بواری دەرهێنان و ناردنی نەوت  دەگەڕێتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەی ئەو هەموو خوێنەی لەپێناو خاكی كوردستان رژاوە بۆ ئەوە بوو نەوت دەربهێنرێت و كۆمپانیاكانی پێ دەوڵەمەند بكرێت، یان بۆ ئەوەیە  خزمەتی خەڵكی خۆمانی پێبكەین، زۆر جار باس لەوەدەكرێت كە دۆخی عیراق خراپەو شكاوە، بەڵام بەو شێوانە دۆخەكە لەبەغدا پێچەوانەكەیەتی، لەعیراق زیاتر لە 30%ی داهاتی نەوت لەوێ دەچێت بۆ كۆمپانیاكان و زیاتر لە 70%ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە.
ئەوەشی وت: ئەم كابینەی حكومەتی هەرێم لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە دەڵێت ئەوە كاری ئێمە نیە، بەڵام وەرن با راستی بكەینەوە،  بۆیە كوردستان هەر غازی ماوە، دەبێت سیاسەتەكەمان بۆ غاز دروست بێت، سودی بۆ خەڵكی كوردستان بێت، دژی بەكارهێنانی غاز نین كە هەناردەی دەرەوە بكرێت، دەمانەوێت غازی كوردستان بەسیاسیەتێكی شەفاف بەكاربهێنرێت و لەبەرژەوەندی خەڵك بێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكان، هەروەها یەكێتی لەهەڵبژاردنی داهاتوی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم دەبێت، وتی: یەكێتی كاندیدی بۆ پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی هەرێم دەبێت دوای ئەوەی كاندیدی یەكێتی بوو بەسەرۆك كۆمار، ئامانجی ئێمە ئەوەیە ببین بەحزبی ژمارە یەك، بۆ دەمانەوێت لەهەڵبژاردنی ئەمجارە گۆڕانكاری لەحكومڕانی كوردستان بكەین، بۆ ئەو پۆستانەش كاندیدی باشمان دەبێت.
دەشڵێت: راستە لەعیراق كێشەمان هەیە، بەڵام نابێت لەكوردستان سیاسەت بوەستێت و لەنێوان لایەنەكان گفتوگۆ هەبێت، یەكێتی ئەمڕۆ ئەزبەنی ئەزبەنی بۆ كەس ناكات، سیاسەتی خۆمانمان هەیەو گۆڕانكاری تێدا ناكەین و ئەو بەرنامەی هەمانە جێبەجێی دەكەین.
لەكۆتایی وەڵامی پرسیارەكانیشدا رایگەیاند: راستە وەك حزب كێشەمان هەیە، بەڵام وەك لەڕووی یەكڕیزییەوە لەناو سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بەهیچ شێوەیەك وا یەكڕیزو یەكدەنگ نەبووین، دەبێت ئەوانەی لەكۆنگرەو پێش كۆنگرەو دوای كۆنگرە نیگەران بوون ئاشتیان بكەینەوە، لەڕووی پێشمەرگەشەوە وەك ئێستا بەهێز نەبووین، بۆیە پەیام و سیاسەتی یەكێتی روونەو یەكدەنگ و یەك رەنگ بۆ پێشەوە دەڕۆین و ناگەڕێینەوە پێش 8ی تەموز، گۆڕانكاری جدی لەحكومڕانی كوردستان دەكەین.
لەبارەی پەیامیشی بۆ یادی یەكێتی و ئەوانەشی دیداری یەكێتیان رێكخستەوە، رایگەیاند: پیرۆزبایی لەجەماورەی یەكێتی دەكەم، سوپاسی ئەوانەش دەكەم ئەم دیدارەیان رێكخست، وەك سەركردایەتی یەكێتی هەڵەمان کردوە، بەڵام دووبارەیان ناكەینەوە.
 PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket